لە کەشێکی پڕ لە شکۆدا، کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت یادی ٧٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستانی بەرز ڕاگرت…
لە پێناو زیندووڕاگرتنی مێژووی پڕ لە سەروەریی خەباتی ڕێکخراوەیی، لێژنەی قوتابیان و لاوانی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت (ئێواران) بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی ڕۆشنبیری، کەڕنەڤاڵێکی شایستەیان بەبۆنەی ٧٣ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان سازکرد.
ئەم مەراسیمە بە ئامادەبوونی بەڕێز “پ.ی.د. مزگین عبدالرحمن چالی” ڕاگری کۆلێژ، و بەڕێز (زاهیر زاهیر) بەرپرسی لقی قەڵاتی یەکێتی قوتابیان و لاوان و شاندێکی یاوەری، هاوکات بە ئامادەبوونی بەڕێز م. (هۆشمەند کاڕەش) یاریدەدەری ڕاگر و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشە بەڕێزەکان و مامۆستایان و قوتابیانی خۆشەویست بەڕێوەچوو.
لە دەسپێکی مەراسیمەکەدا، بەڕێز ڕاگری کۆلێژ وتارێکی بەپێزی پێشکەش کرد؛ تێیدا وێڕای ئاراستەکردنی گەرمترین پیرۆزبایی بەو بۆنە مێژووییە، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی لێژنەی قوتابیان و لاوان لە نێو زانکۆدا و سوپاسی دڵسۆزی و هەماهەنگی بەردەوامیانی کرد لەگەڵ ڕاگرایەتی کۆلێژ، کە هەمیشە پێشەنگ بوونە لە خزمەتکردنی قوتابیان.
دواتر، بەڕێز “د. شاڵاو سەردار مجید” وەک بەرپرسی لێژنەی ڕۆشنبیری و سەرپەرشتیاری خول، لە وتارێکدا پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنەی کرد و ستایشی ماندووبوونی لێژنەی قوتابیانی کرد لە ڕێکخستنی ئەم یادە و چالاکییە جیاوازەکاندا و تیشکی خستە سەر ئەو خولەی کە بۆ نوێنەرانی قوتابیانیان ڕێکخست..
پاشان بەڕێز مامۆستا ئالان وەک بەرپرسی لێژنەی قوتابیان و لاوانی ئێواران وتارێکی سەبارەت بەیادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و لاوان پێشکەشکرد تیشکی خستە سەر ڕۆلی کارێزماو کەسایەتیەکانی یەکێتی قوتابیان و لاوان کە پێشووتر لەم ڕێکخراوە دەرچوونەو پەروەردە کراون کە
جێگای شانازی هەمووان بوونە..
لە بڕگەیەکی تری مەراسیمەکەدا، بڕوانامەی بەشداریکردن لە خولی بەهێزکردنی کارامەییەکانی نوێنەرانی قوتابیان، بەسەر نوێنەرانی قوتابیان و لاواندا دابەشکرا. کۆتایی مەراسیمەکەش بە چەندین گۆرانی و موزیکی کوردی ڕازێنرایەوە، کە کەشێکی پڕ لە شادی و خۆشی بەخشیە ئامادەبووان.












